ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
۱۵. تاژدین و مەم بە دەردی خۆیان دەزانن
format_size more_horiz
ئەو باز و شەهێنی پەڕپڕووزاو
تاژدین و مەمی دوو دیدەدرواو
بۆ پۆڕ و کەوان دەچوونە ڕاوێ
چۆن ڕاوێ بەجووتە کەوتنەداوێ
لێی دان لەپڕوناکاو بریسکێ
سووتان نەبوو هەڵبدەن هەنیسکێ
حەوڕۆژەیی جێژنە هات و چوو خۆش
ئەم جووتە لە جێ نەخۆش و بێهۆش
چەند ڕۆژی تریشی هات بە شوێنا
سەریان کە لەسەر سەرین هەڵێنا
لێڵایی لە چاو، ڕەنگبزڕکاو
تارمایی نەبێ نەهاتە بەرچاو
تاژدین بە مەمی دەگووت ئەتۆ کێی؟
مەم سڵ بوو پتر لەڕاستی هاوڕێی
دەرمان و بزیشک و نووشت و یاسین
تا هاتنە سەر یەک و دوو ناسین
خۆیان دی لە پێچی پاچەبەندییان
پێچراو لەش و، گیان بە چەند کەمەندان
بێ چاو و،بێ دان و، ئاو و، بێ تاو
بێ باڵ و لە دڵ برین و لەش خاو
وەک چاوی جوان نەخۆش و سەرخۆش
وەک خاڵی لەسەر ڕووان سیاپۆش
وەک خونچەیی زاری یار دڵتەنگ
ناڵین لە ڕەگی دڵان وەکوو چەنگ
وتیان دەبێ بۆچی ئێمە وا بین؟
کەی جەنگ بووە ئێمە ئەنگوابین؟
یان بۆچی وەها کز و زەبوونین
پڕ دەرد و برین دەر و دەروونین؟
بەو گێژییە لە گێژی بیر و خەمدا
تاژدین دی لەدەستی کاکەمەمدا
ئەنگوستیلەیەک نقێم لە گەوهەر
دەرناکا لە نرخی کەس سەرەودەر
وەک دەنکی هەنار و ئاگری سوور
شەو بایە، دەڕۆیی تیشکی بۆ دوور
نووسراوە لەسەر وی ناوی زینێ
کێشای دەسی باشتری ببینێ
مەم دی لەدەسی ئەویش نگینێ
هێژای هەموو گەنجی سەرزەمینێ
بێ هەستێ کە سەیری کردە دەستی
ڕەنگیوە بە ناوی خاتوونئەستی
دوڕناسی جیهان لەڕاست ئەوانە
هێڕ و وڕ و گێل و هیچنەزانە
سەدهێندە بەسەنگی گەنجی قاروون
هەر زێڕی هەیە و هەچی لەناو چوون
ناهێنێ لەوانە هێشتە هەشت یەک
هیچیان بۆ نەما جیا لە پەک پەک
پەک پەک کە چ باشن ئەو نقێمە
ناسیان بەمە یاری دڵ ڕەقی مە
هەرچیان بە مە کرد ستی و زێن بوون
وەدیارە کە فێری دڵ دزین بوون
گۆڕیان لە مە خۆ، بە بەرگی گۆڕاو
لاولاو بە دوو لاو دەهاتنە بەرچاو
ئەو بوون کە لە ڕۆژی جێژنە هاتن
وتمان ئەوە مانگ و ڕۆژ هەڵاتن
ئەو دوو پەرییانە دەستوەشێن بوون
ئەو خوێنشیرینانە خوێنڕژێن بوون
ئەو بوون کە لە ئێمە بوونە دڵبڕ
ئەو مامزە بوون کە بوونە شێردڕ
ئەو هۆشی سەری مەیان ڕفاندن
هەرزان بوو لە نرخی چاوچڕاندن
تاژدین کەمێ هۆش و بیری لا بوو
مەم نابێ بپرسی هەر نەما بوو
تێی ڕاخوڕی: مەم! دە هەستە بەس بێ!
تا کەنگێ تخێڵ دەبی لەنێو جێ؟
شیرین ئەمە ئەو دوو ئاسکی ماڵین
شوورەییە لەدەست ئەوان بناڵین
مەم هاتە وەڵام بە ناڵەناڵی
تاژدین وەدیارە هێشتا کاڵی
زۆرتر لە تۆ خۆم شڵۆق دەبینم
زۆر کاریگەرن هەموو برینم
مەمبینە کە وا لەسەر زەمینم
کوژراوی ئەوینی چاوی زینم
سینەم هەموو هەنجنە بە برژانگ
گیانم بووە گیر لە ماهی لاجانگ
بێ شوێنە دڵم لە پرچی ڕەش دا
وەک نەشتەرە هەرچی موون لە لەش دا
بەو شیری برۆی کە تازەساون
بەندبەندی دڵ و جگەر پساون
ئارا لە چ جێیەکم نەماوە
تۆ ئەو مەمی دیوتە، نەماوە
دڵداری بەڕاستی دای بەسەرما
لەو هێرشەدا، نە دڵ، نە سەر ما
گیان و جگەر و دڵ و هەناوم
دەست و سەر و پێ و پشت و چاوم
سوێندم بە خودا نییانە ئارام
شێتن هەموو لا، لەلام نەما ڕام
تا من بە دەمم دەمێ دەکەم شین
ئەو هەر یەکە بۆ خۆ بانگ دەکا زین!
وا دڵڕەقی بەو ژیانە تاڵە
تووش بووم، و دەڵێی بەسە و مەناڵە
وان بێڵە بە ئاخ و داخ و ناڵان
با بێینەوە سەیری چاوکەژاڵان
بیر و ڕای خۆتان سەبارەت بەو شێعرە بنووسن.