ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
۲۳. ڕازاندنەوەی کچان و گواستنەوەی ستێ
format_size more_horiz
ئەو کاتە کە تازەبووکی ڕووسوور
سەرپۆشی ڕەشی فڕێ دەدا دوور
ڕازاوە وەسەرکەوت لە ئاسۆ
ڕازاندییەوە دەشت و دەر، کەژ و کۆ
بووکجوانکەر و تایەن و پەرستار
سەرگەرم و خەریک لەبار و پڕکار
چۆن سازی بکەن ستی و زینان
چۆن ناز دەدرێ بە نازەنینان؟
ڕوانیان لە ڕەشایی بسک و خاڵان
دیانن کە دڵان دەبەن بەتاڵان
هەر گەینە نزیک برۆی کەوانی
گێژ بوون لە کری خودای جوانی
سەر ڕوومەتی سوور چ هاتە بەرچاو؟
سوور بۆوە لە شەرمی وانە سووراو
توانای نەبوو کل بگاتە چاوان
هەر بوو بە خەڵووزی ڕەش لەتاوان
سەرتاپێ گەڕان لە چەشنی شانە
دەستیان کەوێ موویێ بۆ نیشانە
شێوان وەکوو پرچییان و نەشبوو
چم وت؟ تەنێ گەینە تاقە یەک موو
ئەو مووش نە پەڕیوی پرچی سەر بوو
تای ژین و ژیان و مووی کەمەر بوو
پشتێن نەدەبەسترا لەسەر موو
گیان ترسی پساندنی لەبەر بوو
کێ توانی کە تێوە ڕابمێنێ
ترسی بوو لە دینی بیشکێنێ
سەرپەنجە لە ڕەنگی گوڵ دەڕەنجان
ڕەنگ و خەنە چۆن لەوێ دەگونجان
ڕەنگێکی خودا هەڵیبژێرێ
گۆڕاندنی کێ هەیە بوێرێ؟
وان و خەنە پاشی ناهومێدی
چاریان بەتەنێ لە ماچی پێ دی
ئەو خشڵی کە بوو لەدوو گوڵی شەنگ
تیشکەی لە زەوی دەدا بە حەوڕەنگ
پیرۆزە کڵاوی گەییە سەر سەر
ڕووناکی درا بە تانجی گەوهەر
سەردێڕی لە ڕووپەڕی خودا کرد
ئەو ڕەنگی بە خشڵ و زێڕ پەیا کرد
ڕازانەوەیەک لەوان کرا بوو
خەرمانە بوو دەوری مانگی دابوو
لیزگەی دوڕ و لاڵ و بەندی گەوهەر
بسک و خەت و خاڵی ڕندی دڵبەر
نەخش و خەت و تیپ و پیتی قورعان
نیشانە بە خاڵ کرابوو نیشان
ڕەنگێ لە خوداوە یەک لە دەستان
چاوڕوونکەرەوەی خوداپەرستان
بێباوەڕێ ئەم دووەی بدیبا
بێچارە دەبوو بە باوەڕی با
ڕازایەوە شار لە چەشنی بووکان
بازاڕ و شەقام و ماڵ و دووکان
پۆشرابوو هەموو بە ئاڵ و واڵا
سەرخوانچە بە لالە، بان بە ئاڵا
چەند سەد کوڕ و کیژی نازپەروەر
خوانچەی دوڕ و گەوهەری لەسەر سەر
باربەر بووە ڕێز و زێڕ بە باران
هەرچی بەنرخ هەبوو لە شاران
جیازێکی بەدەر لە سەنگ و هەژمار
هەر لۆک بوو نکەی دەهات لەبن بار
قورسایی ئەوەندە گەییە عەرزی
بوولەرزە بوو دار و بەرد دەلەرزی
دنیایێ وەکۆ بوو، بۆ تەماشا
دەریای لە مرۆ بوو حەوشی پاشا
جارێک بە شەپۆل و گا بە پەنگاو
جێی دەرزی نەما هەڵێنی هەنگاو
دەروازەیی خۆشییان کراوە
لەپڕێکەوە هاتە دەر کەژاوە
گێژاوە، کەژاوەکەی ستێ هات
کۆشکی پەرییان بەڕاستی هات
پێشڕەو کوڕ و کیژی دەس بە کەمبەر
سەرتابەپێ زێو و زێڕ و زەمبەر
تەختێ وەکوو بەختی ئێمە ڕەش بوو
بەس ئەو نەوەکوو مە دوورەبەش بوو
لاڵ و دوڕی بەندی دەور و بەر بوو
بەڵکیسی لەسەر بوو بەختەوەر بوو
سەد «ئاسەفی بەرخیا»ت بدیبا
تەختی دەڕفاند بە شان وەکی با
ئەو تەختی ڕەوانە وەک گەمی بوو
دەریاکەشی گشتی ئادەمی بوو
دەریایی ئەوینێ تێک بهاڵێ
ناچارە دەگاڵێ یان دەناڵێ
وەک پۆلی پەپوولە دەوری شەم دا
سووتانی دەوێ بە دڵ لە دەم دا
پێت وابوو گییانە ئەو کەژاوە
گش ئەو لەشە هێندە دەوری داوە
دەروێش و مەلا و هەژار و پاشا
کەس هۆشی نەما لەبەر تەماشا
ئەو ڕۆژە کەسەر ببا بە دەرمان
دیاری نەبوو ون ببوو لە شەرمان
هێند ئەسپ و پیادە تێکشا و هات
بێچارە پەژارە کەوتە شامات
کێی وابوو بمایە هۆش نەبردوو
هێنایە سەمایە کۆنەمردوو
شمشاڵ و گەواڵ و تەپڵ و شەیپوور
ئاوازی بلوور و ساز و سەمتوور
گۆرانیی و بەزم و چەپڵەڕێزان
قاقا و هەرای مناڵ و خێزان
لەرزانە و خشڵی هەوری لاران
ڕمبازیی و هەوهەوی سواران
لەو ڕۆژەوە سەر زەوی، زەوی بوو
تا وێستە شتێکی وای نەدیبوو
دەریا و گەمی و پەری لەناوا
بەو زەمزەمە گەیینە ماڵی زاوا
تاژدین لەبەرێک و مەم لەلایێ
مانگێ لە تەنیشتی پادشایێ
چەند میر و مەزن بە چوستی هەستا
گش سینی و یاڵتەبەک لە دەستا
هەر سینییەکی لە زێڕ و یاقووت
هەر یاڵتەبەکێ لە زێو و زەمڕووت
سەرپاکی لە زێڕ و لیرە دارماڵ
داباری لەسەر کز و نەدار ماڵ
ڕێژنەی بەتەوژمی ئەو دراوە
لیزمەی وەتەکانی خست کەژاوە
زۆرتر لە چڵێسی نەوسی بەدکار
جێی هێشتبوو دەستەڵاتی زۆردار
ڕابرد لە دەهەندەیی دەهەندان
دەرچوو بوو لە فیزی خۆپەسندان
ڕووت و ڕەبەنی دراو، وەکوو کەر
گیرفانی دەئاخنین لە دوو سەر
بێجووت دەیەویست کە تۆ بچێنێ
دەمڕووت دەگەڕا ژنێکی بێنێ
پڕکار و نەدار و ڕووت و تەڕپۆش
دارا و هەژار و مات و دڵخۆش
دەتدین ئەوی ڕۆژێ ڕێکوپێکن
پێت وابوو هەمووی برا و بەشێکن
جیایی نە بە دڵ هەبوو نە بە شمەک
دڵخۆش و بە دڵ هەمووی وەکوو یەک
گچکە و زلی مەستی بادەیە و مەی
گوێ پڕ بوو لە هەی هەی و لە ئۆخەی
دار و دەوەنیش دەهاتە سەر جۆش
داروغە و پیر ببوونە سەرخۆش
هێند مەستی دەبەنگ هەناسەتەنگن
هێندێک بە گەشە و کەن و جەفەنگن
هاتبایەتە سەیری لات و لووتان
خۆیان دەنواند بە شات و شووتان
مەقلاتی دەدا یەک و یەکێ باز
زۆرانی دەگرت یەک و یەکێ گاز
لەولاشەوە نەونەمامی دڵبەند
شیرین و بە زەردەخەند و دەمقەند
ڕوومەتگوڵ و لەشگوڵ و کراسگوڵ
پاکی گوڵی سەرچڵ و لەبەر دڵ
زێڕکەمبەر و لارکڵاو و مووڕەش
مانگ هەنیە و مەستەچاو و ڕووگەش
هێند توێلی گوشاد و هێندێ دەمتەنگ
خۆشدەنگە گەلێک و گشتی خۆشڕەنگ
لاجانگ وەکوو زیو بژانگ وەکی تیر
پرچی ڕەشەمار برۆ وەکی شیر
مەمکۆڵە هەنار ، چەناگە سێوان
سەرچاوەیی ئاوی ژین لە لێوان
کێلگەردەن و بەرز و ڕووبەخاڵان
کەم تێدەپەڕن لە چاردەساڵان
هێندێ گەلێ لووسترن لە گۆی زێو
هێندێ کەمێ گەندەموو لەسەر لێو
بە کوێری جیهانی پیری پشت کووڕ
گشتی بە سەماوە بۆی دەدا سووڕ
کچگەل وەکوو کۆ و حەتەوانان
کوڕگەل خولی پێدەدان بە شانان
کۆزیلکە لەلایێ ڕەو لەلایێ
ڕێز دوورودرێژ دوایی نایێ
حەو ڕۆژ و شەوان کە ڕۆژ ئەگەر شەو
گۆوەند و بەزم بوو تار ببوو خەو
ئاهەنگی وەها لە کوردەواری
نایێتەوە ڕووی جیهان چ جاری
بیر و ڕای خۆتان سەبارەت بەو شێعرە بنووسن.