search

ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
۵. بەدبەختی کوردان دەڵێ و بە مەردایەتیاندا هەڵدەڵێ
format_size ||more_horiz
مەیگێڕ وەرە تۆ خودا دەسا دەی
بۆم تێکە دە جامی جەم قومێ مەی
تا پیاڵە لە من جیهاننوما بێ
دڵخوازی مە گشتی ئاشکرا بێ
ڕوون بێتەوە بۆم شتی نهێنی
پرسێکی گرانە بۆم هەڵێنی
ڕێوشوێنی وەهایە چەرخی گەردوون
نەویایەتییە لەپاش بەرز بوون
بەدبەختی سەری لە ئێمە داوە
تۆزکاڵێ کەمایەسی نەماوە
ئاخۆ دەبێ ڕوو بکاتە کەم بوون
یا خۆ هەر ئەبێ بە مانی گەردوون
تۆ بڵێی کە هەڵێ چ زوو چ دێرێک
بۆ ئێمە لە ئاسمان ستێرێک؟
بەختی مە لە خەو هەڵستێ جارێک
جارێک بکەوێتە کاروبارێک
لێن هەڵبکەوێ جیهانپەنایەک
پەیدا ببێ بۆ مە پادشایەک
بۆ نووکی بنووس پەیا بێ مایە
شیری هونەری مە بێتە کایە
ئەم بەختەڕەشەی لەسەر مە ڕاکا
کوردیش لە جیهان برەو پەیا کا
بۆ مەش کە ببایە سەربڵندێک
زۆرزان و بەبیر و مەرد و ڕەندێک
نەخشێ لە دراوی مەش درابوو
بێ نرخ و چرووک و باو نەمابوو
بێ سۆیە کە زێڕ و زیوی ساکار
نرخی نییە چەشنی هی نیشاندار
بۆ مەش کە هەبایە پادشایێ
خوا تانجەکی پێ ببەخشیایێ
پەیدا دەبوو ڕێز و گەورەیی و ناو
ڕەنگ و کری مەش دەهاتە بەر چاو
ئێمەی لە کەساسی دەردەهێنا
بێستانی هیوای وەبەر دەهێنا
ترکان نەدەبوون بەسەر مەدا زاڵ
بۆ کوند نەدەبووینە لانە و ماڵ
چۆن بۆ عەجەمان دەبووینە ژێردەست؟
ژێردەستی شتی وەها نەوی و پەست
هەر ڕۆژی بەرێ خودای توانا
ڕۆم و عەجەمی لەسەر مە دانا
بێ شەرمییە ژێردەسی ئەمانە
ئەم شەرمە لە پیاوە گەورەکانە
شوورەییە لە میر و نامداران
سووچیان چییە هۆنەر و هەژاران
کێ دەستی درێژ بکاتە شیری
هەرچی بیەوێ دەخاتە گیری
ئەم بووکی جیهانە بۆ کوڕێکە
شیرێکی بە دەست و شێردڕێکە
خشڵ و جل و شیرنی و نیشانی
بەخشینە بە بیر و ڕێگەزانی
پرسیم لە جیهان ڕەقی لە بەردی
نەرمیت بە چییە؟ گوتی: بە مەردی
دنیا کە وەها بە بەخشش و شیر
بۆ پیاو دەسەمۆ دەبێت و دەسگیر
سا خوایە لە تۆ سەیر دەمێنم
لەو گێژە چلۆن سەرم دەرێنم
کورد چۆن دەبێ دیل و چارەڕەش بن
کەی ڕاستە لە خۆشی دوورەبەش بن
بۆ بەخشش و دڵ بە ناو و دەنگن
شێرن لە هەرا، پڵنگی جەنگن
دەستڕژدی ئەمانە حاتەمێکە
هەر گوردێ لەوانە ڕۆستەمێکە
بۆ ڕۆم و عەجەم وەکوو دیوارن
ئەم هۆیە کەوا کز و هەژارن
گۆپاڵی دەسی ئەوانە ئێمەین
بۆ تیری بەڵا نیشانە ئێمەین
خۆیان لە گەڕ و هەرایە دوورن
کورد بەند و کلیلی سەرسنوورن
یەک هێرشی بۆ سەر ئیدی بێنێ
هەر کوردە دەبن شەڵاڵی خوێنێ
ئازایی و بەخششێ بپرسی
مەردایەتیی و دڵ و نەترسی
هەر بۆ کوڕی کوردسان هەیە و بەس
نەدراوە لەبەر ئەوان بەشی کەس
هێندەی کە بەجەرگ و دوورەترسن
کەمتر لە بەیەک گەیین دەپرسن
کەس بۆ کەسێ نابێ چاودەبەر بێ
هەرکەس دەیەوێ زل و لەسەر بێ
لەم سەرڕەقییە و دەماری زلیان
بێگانە دەبن سواری ملیان
هەر خۆیەتی زل، کەوە و ڕەش و بۆر
هەر بۆیەیە بوونە هێزی خۆخۆر
کوردیش کە ببایە یەکدڵ و دەست
دەستیان دەکەوت ژیانی سەربەست
ڕۆم و عەرەب و عەجەم سەروبەر
بۆ ئێمە دەبوونە عەبد و نۆکەر
پەیدا دەبوو باو و گەورەیی و ژین
ناومان دەرئەکرد بە بیر و زانین
جیاواز دەبوو گفتی پاک و ناپاک
پڕ نرخ و بەڕێز دەبوو شتی چاک
بیر و ڕای خۆتان سەبارەت بەو شێعرە بنووسن.