ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٧. پێشدەستییەک بۆ چیرۆک
format_size more_horiz
مەیگێڕ لە دەسی مەدە هەلێکە
وەک گیانی نەمر مەیێکی تێکە
تا بەو مەیی گیان و دڵ بەخێوکەر
تاوێکی گەرم بکەین دڵ و سەر
مەیگێڕ بکە پیاڵە ئاوی شابوون
ئەو ئاوە کە چاوی دڵ دەکا ڕوون
خاوێنکەرەوەی مژیی قڕێژم
سەرخۆش کە دڵی نەزان و گێژم
مەیگێڕ دە بە گەوهەرین پیاڵە
لەو شیلە ڕەوان و پاک و ئاڵە
یاقووتی تواوە لەعلی ئاوە
خۆشاوی دوڕ و دوڕی خۆشاوە
ڕەنگخۆش و بەچێژ و خۆشبەرامە
دەنکێکی کەمە بزانە کامە؟
دەنکێ دوڕی ڕووتی تێ بهاوێ
خۆدانەکی ڕووتی وەک گوڵاوێ
زوو زوو بدە دەستی مەیپەرستان
ئەو کۆڕی کە هێشتە دڵ لە دەستان
تا پیاڵەیی دڵ بە مەی بکەن ڕەنگ
تا ساز و بەدڵ بێ بەزم و ئاهەنگ
مەپسێنەوە بیاندەرێ لەپەستا
تا بێبەش ئەبن لە هۆش و هەستا
لەو بەخششی زۆر و دوور لە هەژمار
بەشکوو لە دڵۆپێ ببمە بەشدار
گەشکەی مەیی شیلەداری بێگەڕ
خۆشاوی بەری ترێی ڕەزی تەڕ
کارێکی بکاتە سەر دەروونم
هێزداری بکا دڵی زەبوونم
تیشکێ بکەوێتە گیانی تاریک
دڵ بێتە سەری خەیاڵی باریک
دا تیری هەناسە کاریگەر بێ
بیرکم بشکێنێ سەد چەپەر بێ
چڵک و چەپەڵی لە دڵ دەرێنم
دەرچم وەکوو بولبولان بخوێنم
دڵمردنی بەس بێ هەستێ بفڕێ
با شەرمێ نەهێڵی پەردە بدڕێ
گۆرانیی و لاوکان ببێژێ
چێژێ لە ئەوینی خۆی بچێژێ
هاواری بخاتە مێرگ و باخان
خونچان بدڕن بەرۆک و یاخان
گوڵخونچە بپشکوون لە چوقڵان
بولبول بگرین لە داخی چقڵان
جارجار بخەنن لە خۆشی دیمەن
ئاونگ بپژێ لە دەشت و چیمەن
سوێسنە وە زمان بێ ، بێتە باسان
ڕزگار بێ لە خەوخەوی و لە تاسان
مەیگێڕ بدە پێم مەیێکی گوڵڕەنگ
سەنتوور چ نەڵێت و دەف نەدا دەنگ
کوێخا و گزیر بەڵان نەزانن
دەرکەین کوڵ و خەم ئەویش لەوانن
دەستڕژدی مەکە تژی کە دەفرم
ڕەنگێکی جیا بەخۆوە بگرم
سەرخۆش ببم و بەخۆم بنازم
نیازم هەموو ئاشکرا بخوازم
مەستم کە نەکەی گەلێک نەزانم
بێ مەی گەڕێ ناگەڕێ زمانم
مەمهێڵە بە هۆش و هیچ نەبێژم
شێتم کە هەتا دوڕان بڕێژم
بێ پەردە وەشاردووان وەسەرخەم
گش ڕاز و نهێنییان وەدەرخەم
بلوێر بێ دڵم بە داخ و سۆ بێ
وەک تووتی دەمم بەگفتوگۆ بێ
تێی هەڵکەمە لاوک و سێگا و دەشت
حەیران و قەتار و بەست و گوڵگەشت
بێ ورتە دڵم بناڵێ وەک چەنگ
پێ پەنجە و پت بدا دەفم دەنگ
بێژێ و کەوان بڵێت ڕوبابم
تۆ بمدەیە مەی دەبێ وەها بم
لەو بەرز و بڵیند و لەو هەوایە
زوهرە لە هەوام بکا سەمایە
دڵ تەنگە، دە دەنگی زیر و بەم بێ
دڵداری لە لانی زین و مەم بێ
دەردی دڵی خۆم بێ لەم وتانە
زین و مەم ئەدی چ بن؟ بەهانە
وا بکەم کە جیهانێ بێ و بنۆڕێ
دەژیەنمەوە زین و مەم لە گۆڕێ
لەو دووی لە ئەوین بە زام و بیمار
با خۆم بکەمە پزیشک و زانیار
با گەش بنەوە و بە خەم بڵێن: بەس
ببنە نەمر و نەچن لە بیر کەس
داخی جگەری مەمی گرفتار
ناخۆشیی ژینی زینی دڵدار
مەم لاوی لە پیسی و گوناه دوور
زین ئەو کچی وا بەشەرم و ڕووسوور
دەیکەم بە شتێکی وا تەڕ و خۆش
هەرگیز لە جیهان نەبن فەرامۆش
دڵبەر بۆ مەمێ بکەونە شینێ
دڵدار بخەنن بە دەردی زینێ
هاودەرد بووشن شتێکی خۆشە
بێ دەرد بگرن کەنار و گۆشە
لام وایە ئەوانی ڕاست و پاکن
دڵڕوونن و ژیر و بیر ڕووناکن
هەڵبەستێ وەها هەچی ببینێ
بۆ خانی دەنێرێ ئافەرینێ
هەرکەس کە خودای بڵند و پەستی
پێی داوە بەشێک لە خۆشەویستی
با بێن ببیەن خۆیان لەبیر کەن
کۆرپەی دڵی هێندە پێوە ژیر کەن
بیکا بڕێ گوێی گیانی لێ پڕ
ماڵیاوا لە دڵ بکەن دوو سێ بڕ
هیوامە لە ڕاست و بێگرێیان
نەبیەن لە چنۆک و زۆربڵێیان
ئەم نامە کە خاوە یان لەباوە
سەد ڕەنجی لە ڕێگەدا دراوە
ساوایە،مناڵە، شیرنەمشتوو
تازەبەرە، تازەپێگەیشتوو
پێش من دەسی هیچ کەسی نەدیوە
میوەی ڕەزی خۆمە نەمدزیوە
ئەو میوەیە خۆشە یا نە تاڵە
دڵبەندی منە وەکوو مناڵە
هیوامە بوێژی هاوزمانم
تەوسان نەگرێتە ڕۆڵەکانم
ئەو میوە کە وشکە، تفتە، تەڵخە
خۆ کوردییە زۆر لەلام بەنرخە
ئەو کۆرپە دەڵێی نە نازەنینە
چون نۆبەرەمانە خوێن شیرینە
میوەی منە، خۆشە، بۆی نەماوم
کۆرپەی منە بۆتە چاوی چاوم
خشڵ و جل و یار و زێڕ و زەمبەر
نەمخواستەوە هی منن سەر و بەر
ناوئاخن و پیت و تیپ بەجارێک
ڕیزێکی وشێکی یان وتارێک
هی خۆمە لە کەس نەهاتە چەنگم
خۆم خاوەنی کەسم و خێوی ڕەنگم
ئەم گفتی شیرین و بیری سەد جوور
پاکی کچە، تازەبووک و ڕووسوور
خوایە مەدە دەستی پیاوی لاسار
ئەو دڵبەری شۆخ و شەنگ و نازار
پاڕانەوەمە لە خوێندەواران
بێهوودە نەکەومە لێو و زاران
بۆ گاڵتە نەڵێن ئەم و ئەوی بوو
با چاکی بکەن ئەگەر کەمی بوو
چی پاکژ و چاکە پەردەپۆشن
هەر دڵچەپەڵن کە گەڕفرۆشن
هیوام ئەوەیە لە مەرد و ژیران
بۆ گەپ نەبمە نیشانەی تیران
کرمێکم و، هاوریشمە لیکاوم
خۆڕستم و خۆم لە خۆم ڕواوم
کوردم لە چیا و کەژ و نزاری
چەند گفت و وشێکی کوردەواری
لێم وەربگرن بە سینەیی ڕوون
لێمی نەگرن چ خۆشە خۆش بوون
دڵپڕ لە ڕقیش کە گوێ بدێرن
چییان لێ دێ کەمایەسیم وەشێرن
ئابڕووی بوێژی با نەڕێژن
گەر دەکرێ شتێکی باش ببێژن
بۆم پینە بکەن هەڵەی زمانم
با بێننەوە بیر منیش لەوانم
بیر و ڕای خۆتان سەبارەت بەو شێعرە بنووسن.