ئاڵەکۆک

پیرەمێرد
(خدر) بوو پیاوی (حەسەن ئەفەندی)
کەس پێی نەئەگوت: کەرت بەچەندی

کوێخا دەرگابوو، جێی خواجانشین
فەرەنجی پۆش بوو زستان و هاوین

ڕەنجبەری مالیک ڕۆژێ نەخۆش کەوت
ناچار ئەو ڕۆژە بێگاری بەرکەوت

پێنج کەری ئەبرد بۆ دێی (کەڵەکن)
کەلەسەر خەرمان کای بۆ دابگرن

لە ڕێ خۆی سواری کەرێکیان بووبوو
کە ئەیژماردن هەر چواریان مابوو

وتی: ئای خۆ من پێنج کەرم پێبوو
وا چواریان دیاره‌، ئەوی تر کوێ چوو؟!

دابەزی و ڕای کرد یەکسەر بۆ دواوە
وایزانی کەرە، لە دواوە ماوە

بۆ دواوە ڕوانی هیچ دیار نەبوو
گەڕایەوە لای کەران زووبەزوو

کە تەماشای کرد پێنج کەر تەواوە
لەم فه‌ن و فێڵە سەری سووڕماوە

زۆر ماندوو بووبوو دیسان سوار بوەوە
لە بەره‌وژێرە، سەرەوخوار بوەوە

دیسان کە ڕوانی کەر چواریان ماوە
گریا، وتی من: چیم لێ قەوماوە؟!

خۆی خستە خوارێ بە دوعا و نزا
ئە پاڕایەوە لە بارەگای خوا

دوعای گیرابوو، ڕوانی کەر پێنجە
ڕزگاری بووبوو لەم دەرد و ڕەنجە

ئیتر نەیتوانی بڕوات بە پێیان
خۆی هەڵدایە سەر کەرێکی تریان

دووبارە بەزمی لێ هاتەوە دی
وتی ئەمجارە کەره‌ گورگ خواردی

هەروا لێی خوڕی گەییە نیوەی ڕێ
بەرەو پیری هات خلەی کوێخای دێ

بانگی کرد: کوێخا! لە دەورت گەڕێم
لە کوێوە خوا تۆی گەیاندە سەر ڕێم

ئەمڕۆ جنۆکە گاڵتەم پێ ئەکەن
جارێ کەرێکم ئەدزن و ئەیبەن

وتی: خدر ئاغا چەند کەرت پێ بوو؟
چەندیان ماون؟ چەندت لەکیس چوو؟

وتی: پێنج کەرم هێنابوو لە شار
کە ئەیژمێرم، هاتۆتە سەر چوار

کوێخا تێگەیشت کە گونی و گێزەر
لێک ناکاتەوە کابرای قوڕبەسەر

ئەوکەرەی کەوا خۆی سواری بووە
چونکه‌ نایبینێ لەبیری چووە

وتی: دابەزە هەی بەندەی بێ غەش
پێنجی بۆ ژمارد، خۆیشی کرد به شه‌ش
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی دووه‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٣و٢٤.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٩٠-٣٩١.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

بیر و ڕاکان

دەتوانن بیر و ڕای خۆتان سەبارەت بەم شێعرە لێرە بنووسن.
تکایە ئەگەر ئەم دەقە هەڵەی تێدایە پێمانی ڕا بگەیێنن.